[زیاتر لە]دە ڕۆژ بەسەر ساڵیادی بۆردومانی کیمیایی سەردەشتدا تێپەڕیوە؛ ڕۆژانێک کە دەکرا دەستپێکی هۆشیارییەکی نوێ بێت، بەڵام وەک ساڵانی پێشوو لە ناو بێدەنگیدا تێپەڕی. ئەم بێدەنگییە خۆی بەڵگەی ڕاستییەکی تاڵە: سەردەشت تەنها جارێک بە بۆمبی کیمیایی نەکراوەتە ئامانج؛ ئەم شارە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، جاروبار بە چەکێکی بێدەنگتر، بەڵام وێرانکەرتر، بریندار کراوە؛ چەکی بێبهشی، لەبیرچوونەوە و بێبایەخیدان.
ئەمڕۆ، ئەوەی زیاتر لە کاریگەریی گازی خەردەل خەڵکی سەردەشت ئازار دەدات، بەردەوامبوونی دواکەوتوویی و ئاساییبوونی ئەم دۆخەیە. بەرپرسییەک کە کەمیی بودجە بە بیانوو دەهێنێتەوە، بەڕێوەبەرێک کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ داهاتوو دوا دەخات، دامەزراوەیەک کە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی یەکتری، تەنانەت هاوڵاتییەکیش کە دەڵێت: «لە دەستم هیچ شتێک نایە»؛ هەریەکەیان بە جۆرێک لە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخەدا بەشداری هەیە.
پرسیارێک هێشتا بێ وەڵام ماوهتهوه: بۆچی ناوی حەڵەبجە لە بیرەوەریی جیهانیدا شوێنێکی دیاری هەیە، بەڵام سەردەشت هێشتا وەک شایستەیەتی خۆی نەگەیشتووەتە هۆشی گشتیی جیهان؟ بۆچی هیڕۆشیما بووەتە هێمای جیهانی بەرخۆدان لە دژی چەکەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ، بەڵام سەردەشت ــ وەک یەکەم شاری جیهان کە لە هێرشی کیمیایی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بووە قوربانی، و یەکەم شاری ئێران لەم کارەساتەدا ــ هێشتا شوێنی شیاوی خۆی لە گێڕانەوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا نەدۆزیوەتەوە؟
بابەتی سەردەشت تەنها چارەسەرکردنی بریندارانی کیمیایی نییە؛ بابەت، گەشەپێدانی هەمەلایەنەی شارێکە کە نرخی قورسی بۆ پاراستنی ئەم خاکە داوە.
بۆچی دوای نزیکەی چل ساڵ، هێشتا ڕێگا پەیوەندییەکانی ئەم ناوچەیە لە ستانداردە پێویستەکان دوورن؟ بۆچی هێشتا دەستکەوتنی کاری پایدار گەورەترین نیگەرانیی گەنجانی ئەم ناوچەیەیە؟ بۆچی ژێرخانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵ، لەگەڵ توانست و دەرفەتە فراوانەکانی سەردەشت هاوتەریب گەشەی نەکردووە؟ بۆچی ژینگەیەک کە خۆی قوربانیی شەڕە، هێشتا قوربانیی بێبایەخییە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە نابێت تەنیا لە خەڵکی دیکە داوا بکەین؛ هەر یەکێک لە ئێمەش دەبێت پشکی خۆی لەم ڕێگایەدا بدۆزێتەوە. ئەگەر یادی سەردەشت تەنها بە ڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیاد سنووردار بێت و داواکاریی بەردەوام، چاودێریی گشتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی درووست نەبن، ئەوا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ، لە هەر کاتێکی تر زیاتر، ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە ئاراستەی دەوڵەتە. گەشەپێدانی سەردەشت نابێت تەنها وەک پڕۆژەیەکی ئاساییی عومرانی سەیر بکرێت؛ بەڵکو دەبێت هەنگاوێک بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زەرەرە مێژووییەکانی ئەم شارە.
ئەرکی بەرپرسانی پارێزگا ئەوەیە کە پڕۆژەکان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و هەستپێکراو جێبەجێ بکەن؛ هەروەها نوێنەرانی پەرلەمانیش دەبێت بە بەکارهێنانی ئامراز و چاودێرییە یاساییەکانیان، جێبەجێبوونی بەرنامەکان بەدواداچوون بکەن. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەش پێویستە مافی قوربانیان لە کۆڕ و مەیدانە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامانە شوێنگیری بکات. لە تەنیشت ئەمانەش، میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هونەرمەندان و خوێندکارانی زانکۆ ئەرکیانە بە گێڕانەوەی بەردەوامی ئازارەکانی بریندارانی کیمیایی و ناساندنی توانستە ناوخۆییەکان، ڕێگا نەدەن ئەم ڕاستییە مێژووییە لەبیر بکرێت.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئەم پرسیارە لەبەردەم هەر یەکێک لە ئێمەیە:
ئایا بە مەحرومییەت و ستەملێکراوی سەردەشت ڕاهاتووین؟
ئەگەر وەڵام «بەڵێ» بێت، دەبێت ئەو ڕاستییە قەبووڵکەین کە مەترسیدارترین هەڕەشەی ئەمڕۆی سەردەشت چیتر چەکی کیمیایی نییە؛ بەڵکو بێتفاوتی و دواخستنی دادپەروەرییە. لەبیرچوونەوە هێزی بیرەوەریی مێژوویی گەلێک لاواز دەکات؛ بێتفاوتی ڕۆحی داواکاریی کۆمەڵگە دەکوژێنێت، و دواکەوتنی دادپەروەری، دەرفەتەکانی گەشەپێدان لە نەوەکانی داهاتوو دەستێنێتەوە.
ساڵیادی بۆردومانی کیمیایی سەردەشت نابێت تەنها ببێتە بۆنەیەکی ساڵانە و تەنیا لە ساڵنامەدا بێت؛ بەڵکو دەبێت ببێتە دەستپێکی بزوتنەوەیەکی نیشتمانی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی هاوسەنگ و پاراستنی کەرامەتی قوربانیانی شەڕ.
ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە گەشەپێدانی سەردەشت ــ لە تەواوکردنی ژێرخانی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە، هەتا دروستکردنی هەلی کار، پاراستنی ژینگە و شوێنکەوتنی یاساییی ئەم کارەساتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ــ ببێتە داواکارییەکی گشتی و جیددی.
نزیکەی چل ساڵ تێپەڕیوە. ڕۆژەکان دەڕۆن، بەڵام هێشتا دەرفەتی گۆڕان هەیە. ئەگەر هەر دامەزراوەیەک، هەر بەرپرسێک و هەر هاوڵاتییەک بەرپرسیارێتیی خۆی قبووڵ کات، سەردەشت دەتوانێت لە هێمای ئازار و ستەملێکراوی بگۆڕدرێت بۆ هێمای دادپەروەری، هاوپشتی و گەشەپێدانی بەردەوام.
من، وەک نووسەر و هاوڵاتییەکی داواکاری ناوچەی سەردەشت، ئامادەییی کرداریم ڕادەگەیەنم کە ئەگەر پێویست بێت، هەرچی لە توانامدایە بە قەڵەمم بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەم بزوتنەوەیە بەکاربهێنم؛ هەروەها لەمەودوا هەر مانگێک لانیکەم یەک وتار لەم بارەیەوە بڵاو دەکەمەوە.
بەڵام قەڵەمی من بە تەنیا بەس نییە؛ هاوڵاتیی بەڕێز بە بەشداریی خۆی، بەرپرسی بەڕێز بە پابەندی و کردارەکەی، و نوێنەری پەرلەمان بە بەکارهێنانی دەسەڵاتە یاساییەکانی، تا چەند ئامادەن بۆ ئەوەی بۆ ئەم پەیمانە نیشتمانییە قۆلی لێ ھهڵماڵن؟
با ئەم پەیمانە بکەینە ڕێنمای کاری خۆمان؛ لە دیوارەکانی شار بینووسین، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەینەوە، و هەموو ڕۆژێک هەتا گەیشتن بە ئامانج دووبارەی بکەینەوە:
«سەردەشت میهرەبانی و بەزەیی ناوێت؛ دادپەروەری دەوێت».

بۆچوونهکان